
دووهه‌مین كۆنگره‌ی حیزبه سه‌وزه‌كانی وڵاتانی ئوورپایی له‌ژێر دروشمی: "داهاتوویه‌كی سه‌وز بۆ ئورووپا" له رۆژانی 13،11و15ی ئۆكتۆبری ساڵی 2006ی زایینی له شاری ژنێڤی وڵاتی سویس له یه‌كێك له هۆڵه‌كانی زانستگای ژنێڤ به‌ڕێوه‌چوو.
له‌لایه‌ن رێكخه‌ران‌و به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆنگره‌ی ناوبراوه‌وه، حیزبی دێموراتی كوردستانی ئێران پێشتر به فه‌رمی بانگهێشتن كرابوو، هه‌ر بۆیه كه شاندێكی حیزبی دێموكرات پێكهاتوو له هاوڕێیان: دوكتور خوسره‌و عه‌بدوڵڵایی، به‌رپرسی به‌شی پێوه‌ندییه‌كانی حیزب له ده‌ره‌وه‌ی ولات، عادل ئه‌لیاسی، به‌رپرسی به‌شی پێوه‌ندییه‌یكانی حیزب له سویس‌و باوا ئه‌لیاسی، جێگری به‌رپرسی به‌شی پێوه‌ندییه‌كانی حیزب له‌و وڵاته، به‌شداربوون.
ته‌وه‌ری باسه سه‌ره‌كی‌و گرینگه‌كانی ئه‌و كۆنگره‌یه بریتی بوون له سیاسه‌تی ئو‌وروپا له‌مه‌ڕ مافی مرۆڤـ له‌سه‌رده‌می‌تیرۆریزمدا، ژینگه‌و پاراستنی، پرسی په‌نابه‌ران‌و كۆچبه‌ران، بابه‌تی به‌جیهانی‌بوون، (گلۆبالیزاسیۆن)، دادپه‌روه‌ریی كۆمه‌ڵایه‌تی، باسكردن‌و په‌سندكردنی بڕیارنامه‌یه‌ك به‌ناوی: "داهاتوویه‌كی سه‌وز بۆ ئورووپا"و په‌سندكردنی پڕه‌نسیپه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی حیزبی كه‌سكه‌كان.
له‌م كۆنگره‌یه‌دا، بێجگه له 31 پارتی كه‌سك له 31 وڵاتی ئورووپایی، نوێنه‌رانی چه‌ندین پارتی كه‌سكی دیكه له قاڕه‌و وڵاته جۆراوجۆره‌كانی دنیاوه به‌شداربوون.
له‌ماوه‌ی سێ رۆژ كاری كۆنگره‌ی دووهه‌می حیزبه كه‌سكه‌كانی وڵاتانی ئورووپایی‌دا شاندی نوێنه‌رایه‌تیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، وێڕای به‌شداریی چالاكانه له هه‌موو كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌م كۆنگره‌یه‌دا، له په‌راوێزی كاره‌كانی كۆنگره‌دا چاوی به كۆمه‌ڵێكی زۆر‌و به‌رچاو له پارلمانتێر، كه‌سایه‌تی، شاندی نوێنه‌رایه‌تیی حیزبه سه‌وزه‌كانی به‌شدار له كۆنگره‌كه‌دا، نووسه‌ران‌و ژورنالیسته‌كان كه‌وت، كه له سه‌رجه‌می ئه‌و چاوپێكه‌وتنانه‌دا باسه‌كانی بارودۆخی مافی مرۆڤـ له ئێران، وه‌ك سه‌رچاوه‌ی تیرۆریزمی نێوده‌وڵه‌تی، پشتیوانیی رێژیمی كۆماری ئیسلامیی ئێران له هێزه توندڕه‌وه ئیسلامییه‌كان، ته‌نگتربوونه‌وه‌ی بازنه‌ی ئازادیی بیروڕاده‌ربڕین‌و ته‌نگ هه‌ڵچنین به رۆژنامه‌و بڵاوكراوه ناحكوومه‌تییه‌كان، گرتن‌و زیندانی‌كردنی رۆژنامه‌وانان، نووسه‌ران‌و رووناكبیران، خه‌باتی هه‌قخوازانه‌ی خه‌ڵكی كورد له كوردستانی ئێران به رێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، مه‌سه‌له‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی، پێشێلكاریی مافی ژنان‌و فێدراڵیزم وه‌ك دروشمی حیزبی دێموكرات‌و كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌كانی ئێرانی فێدراڵ هاتنه ئاراوه.
به‌شێك له‌و پارلماتێر، كه‌سایه‌تی‌و لایه‌نانه‌ی كه ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تیی حیزب دیدار‌و چاوپێكه‌وتنی له‌گه‌ڵیاندا پێك هێنا، بریتی بوون له: خاتوو كلاودیا رۆت له به‌رپرسانی پارتی كه‌سكی ئاڵمان‌و ئه‌ندامی پارلمانی ئورووپا، ئاغای دانیه‌ل كۆن بێندیت، خه‌باتكارو تێكۆشه‌ری ناسراوی حیزبی سه‌وزی ئاڵمان، ئاغای هووبێرت سووركیندێن، سكرتێری گشتیی پارتی سه‌وزی سویس، ئاغای ئوولی لۆین بێرگێر، جێگری سكرتێری گشتیی پارتی سه‌وزی سویس‌و ئه‌ندامی پارلمانی سویس‌و دۆستی نزیكی كورد، خاتوو دۆمینیك ڤۆانای له به‌رپرسانی حیزبی سه‌وزی فه‌ڕانسه‌و كاندیدای سه‌رۆك كۆماریی ئه‌و وڵاته بۆ ساڵی 2007و هتد...


